تەختەکلیلی یونیکۆدی کوردی

لەم جیهانەدا سیستەمی جۆربەجۆر و زۆر هەبوون و هەن کە لەوانەدا پێویست بە نووسین دەکرێت. سیستەمەکان هەمیشە چونیەک نین و پێکەوە جیاوازییان هەیە.

وەک دەزانن لە کۆمپیوتەردا بۆ نووسینی هەر هێما و پیت و نیشانەیەک کە بە زمانی ئایتی پێیان دەوترێت نووسەکان characters، کەڵک لە کۆد وەردەگیرێت. کێشەکە ئەوە بوو کە لە سیستەمە جۆربەجۆرەکاندا دەیتوانی نووسەیەک بە چەند کۆدی جیاواز بنووسرێت، بۆ نموونە ئەگەر لە سیستەمێکدا پیتی "ک" کۆدی "06A9"ی هەبوایە لەوانە بوو هەمان پیت لە سیستەمێکی تردا کۆدێکی تری هەبوایە.

کۆدی جۆربەجۆر، ناگشتی و نایونیکۆد

چونکە کۆدەکان لە هەموو شوێنێکدا وەکوو یەک نەبوون، یان پیتەکان لە هەموو لایەکدا بڵاو نەبووبوونەوە کە دەرخەری ئەو کۆدانە بن، هەر لەبەر ئەوە کاتێ لە شوێنێکدا شتێک دەنووسرا لەوانە بوو لە سیستەمێکی تردا ئەو کۆدانە نەناسرێنەوە و بە شتێکی تر دەربچن و نەخوێنرێنەوە و تێک بچن، یان تەنانەت نووسین لە یەک سیستەمی چونیەک بەڵام لە دوو شوێنی جیاوازدا دەیتوانی وەک یەک دەرنەچێت و تێک بچێت چونکە ئەو پیتە کە دەرخەری ئەو کۆدە بوو لە هەموو کۆمپیوتەرێکدا نەبوو.

فۆنت بۆ نووسینی کوردی

پێشتر فۆنتی عەرەبی و فارسی چێ کرابوون و بۆ نووسین بە شێوەیەکی سنووردار، بۆ ئەو زمانانە باش بوون، بەڵام هەندێ جار پیتە تایبەتییە کوردییەکانیان تێدا نەبوو و بۆ زمانی کوردی بێکەڵک بوون.

جاری واش هەبوو هەندێ فۆنتی فارسی و عەرەبی چێ کرابوون وەکوو فۆنتەکانی "واژەنگار، الکاتب، پارس نگار"، کە فۆنتی کوردیشیان هەبوو، بەڵام دیسانەوە کێشەکە لەوەدا بوو کە ئەو فۆنتانه نەگشتێنرابوون و هەم بەکارهێنەر و هەم خوێنەریش دەبوا ئەو فۆنتانە دابگرنە ناو کۆمپیوتەرەکانیانەوە ئەگینا نووسینەکان تێک دەچوون، ئەم کێشەیە نە تەنها زمانی کوردی بەڵکوو زمانی فارسی و عەرەبیشی دەگرتەوە.

فۆنتی کوردی (نایونیکۆد)

دواتر فۆنتی تایبەتی بۆ زمانی کوردی دروست کران وەکوو "فۆنتی عەلی، فۆنتی دیلان، فۆنتی زانست"، تەختەکلیلی تایبەتیش دروست کرابوون کە بۆ نووسینی ئەو فۆنتانە بەکار دەهێنران.

بەداخەوە ئەو فۆنتانەش هەمان کێشەی فۆنتەکانی سەرەوەیان هەبوو، واتە:

١.هەم بۆ نووسین و هەم بۆ ئەوەی بخوێنرێنەوە دەبوا دابگیرێن.

٢.ئەگەر لە ڕیێ بۆ نموونە ئیمەیلەوە نووسینێکت بۆ کەسیکی تر بناردبا، ئەگەر ئەو کەسە فۆنتەکەی نەبوایە نووسینەکان لای ئەو تێک دەچوون.

ئەمە کێشەیەکی گەورە بوو بۆ کورد، چونکوو نەیدەتوانی نووسینەکانی دیجیتالیزە بکات و لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئیمەیل و ماڵپەڕەکانەوە نووسینەکانی بڵاو بکاتەوە. کەوا بێت بە کردەوە لە جیهانی مەزنی ئایتی بێبەش بووین.

هەر کەسێک ماڵپەڕێکی بەو فۆنتانە دروست بکردبا دەبوا لەسەر ماڵپەڕەکەی ئەو فۆنتەشی دابنایە تا بەکارهێنەران دایگرنە ناو کۆمپیوتەرەکانیانەوە و لەوێش دایمەزرێنن بۆ ئەوەی ماڵپەڕە کوردییەکەیان بخوێنرێنەوە. زۆر جار ئەمە کارێکی نەلواو بوو، هەموو کەسێک شارەزاییی لە کۆمپیوتەر نییە و هەموو کەسێکیش بۆی نییە فۆنتی کوردی دابگرێتە ناو کۆمپیوتەرەکەیەوە.

ئەمە نموونەی ئەو فۆنتانەیە (فۆنتی عەلی) کە کەسێک لە کۆمپیوتەرەکەی خۆیدا بەجوانی بۆی نووسراوە بەڵام لای کەسێکی تر کە ئەو فۆنتەی نەبووە ئاوا دەرچووە:

واتە ئەگەر تۆ کتێبێک، نووسراوەیەک، وتارێک، پەیامێک بەو فۆنتە نایونیکۆدانە بنووسیت و بینێرێت بۆ کەسێکی تر کە ئەو فۆنتانەی نەبێت، هەموو نووسینەکانت لای ئەو بە تێکچوویی دەبینرێن.

کەوا بێت ئەو فۆنتانە گشتی نەبوون، جیهانی نەبوون، لە هەموو سیستەمەکاندا جێگیر نەکراون.

لە ڕەوتی گەشەسەندنی فۆنتدا، ئەو نایەکگرتوویییە تەنها تایبەت بە زمانی کوردی نەبوو و زۆر لە زمانەکانی تریش لەو چەشنە کێشەیەیان هەبوو. بۆیە پسپۆڕان دەبوا بیریان لە شێوازێکی تر بکردبایەتەوە.

ستانداردی جیهانیی یونیکۆ

لەبەر ئەو کێشانە پسپۆڕان بڕیاریان دا کە شێوازێکی هاوبەش پێک بهێنن کە لە هەموو سیستەمەکاندا یەک کۆدی هاوبەش بۆ هەموو نووسەکان characters (پیت، ژمارە، هێما، نیشانە و هتد) بەکار بهێنرێن بۆ ئەوەی بێ جیاوازیی سیستەم و ژینگەی نووسین، هەموو نووسینەکان وەک خۆیان دەربچن و بخوێنرێنەوە.

ئەم سیستەمە نوێیە کە پێی دەوترا "ستانداردی یونیکۆد The Unicode Standard"، دەیتوانی ئەگەری ئەوە پێک بهێنێت کە بۆ پتر لە یەک میلیۆن نووسەی جیاواز، کۆدی تایبەت تەرخان بکات. ئەمە هەموو پیت و هێما و نیشانەکانی هەموو زمانەکانی دەگرتەوە، تەنانەت زمانەکانی کۆن و کەونارا و چاخەکانی پێشووش.

فۆنت لەسەر ئەو بنەمای یونیکۆدە چێ کران و لەلایەن گەورەکۆمپانیاکانەوە لە هەموو سیستەم و کۆمپیوتەرەکاندا دەست کرا بە جێگیرکردنیان و کۆدی تاکانەی تایبەت بە خۆیان دیاری کران.

پیتەکانی زمانی کوردیش لە سیستەمی یونیکۆددا کۆدی تایبەتی خۆیان بۆ دانرا. بنواڕە: (یونیکۆدی زمانی کوردی)، بەڵام لەبەر بێدەوڵەتی، تەختەکلیلێکی تایبەت بە زمانی کوردی کە بتوانێت ئەو کۆدانەی پێ بنووسرێتەوە دروست نەکرابوو. تەختەکلیلەکانی پێشووش نەیاندەتوانی ئەو یونیکۆدە نوێیانە بەکار بهێنن چونکە خۆیان لەسەر سیستەمی نایونیکۆد چێ کرابوون و بۆ ئەم سیستەمە نوێیە بێکەڵک بوون.

تەختەکلیلی یونیکۆد

ۆ ئەوەی ئەو فۆنتانەی کە بە یونیکۆد چێ کراون لە نووسیندا بەکار بهێنرێن دەبوا تەختەکلیلێکی تایبەت بە زمانی کوردی چێ بکرێت کە بتوانێت ئەو فۆنتانەی پێ بنووسرێتەوە.

لە سەرەتای "٩٠"ەکاندا ئەم بیرۆکەیە لای کوردێکی ئایتیزان لە هەندەران سەری هەڵدا. بیرۆکەکەی لەگەڵ چەند پسپۆڕێکی تری ئەو بوارە خستە ڕاوێژەوە.

ئەمە بووە سەرەتای دامەزراندنی گرووپی "کوردئایتیگرووپ" و کۆمەڵە کوردێکی پسپۆڕی ئەو بوارەی لە دەوری یەک کۆ کردەوە و بەرە بەرە تەختەکلیلی یونیکۆدی کوردییان چێ کرد.

دەتوانرا بەم تەختەکلیلە، فۆنتە کوردییە یونیکۆدەکان بنووسرێنەوە کە کۆمپانیاکان لە سیستەمەکانی خۆیاندا بڵاویان کردبووەوە. ئیتر پێویست نەبوو کەسێک فۆنت دابگرێت، بەس یەک جار ئەو تەختەکلیلە یونیکۆدە کوردییەی لە سیستەمەکەی خۆیدا دادەمەزراند و دەیتوانی بۆ نموونە بە فۆنتەکانی Arial, Times New Roman, Tahoma, Verdana ...

بنووسێت و نووسینەکەشی بناردایەت بۆ هەر کەسێکی تر تێک نەدەچوو و دەخوێنرایەوە چونکە ئەو فۆنتانە کە لەسەر بنەمای یونیکۆد چێ کراون لە زۆربەی زۆری سیستەمەکاندا جێگیر کرابوون.

ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ بەشداربوونی دەقی کوردی لە ئاستی جیهانی و گشتیدا و گەشەسەندنی ماڵپەرە کوردییەکان، ئاڵووگۆڕکردنی زانیاری و دیجیتالیزەکردن و چێکردنی سیستەمی پێوەندیی جیهانی و هاوبەش و دروستکردنی بنکەدراوە و سەدان پێکهاتەی تر.

فۆنتی تری کوردی لەسەر بنەمای یونیکۆد

ئەو گرووپە جگە لە تەختەکلیلی یونیکۆدی کوردی، کۆمەڵێ فۆنتی تریشیان لەسەر بنەمای یونیکۆد دروست کرد کە ئەگەر کەسێک پێی خۆش بێت فۆنتی جیاواز و زیاتر بەکار بهێنێت دەتوانێت لەوانە کەڵک وەربگرێت، بێ ئەوەی نووسینەکان تێک بچن و ئەگەر بنێردرێن بۆ کەسێکی تر و تەنانەت ئەو فۆنتانەشی نەبێت، خۆکار بە فۆنتێکی تری ناو سیستەمەکەی پیشان دەدرێت بێ ئەوەی تێک بچێت.

واتە ئەگەر کەسێک بە تەختەکلیلێک بنووسێت کە لەسەر سیستەمی یونیکۆد چێ کراوە نووسینەکانی لە زۆربەی سیستەمەکانی تردا بێ کێشە دەردەکەون و ئیتر خەمی ئەوەی نابێت کە نووسینەکانی نەخوێنرێنەوە، چونکە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دنیا بەردەوام سیستەمەکانی خۆیان بە یونیکۆد نوێ دەکەنەوە.

تێنەگەیشتن لە گرنگیی فۆنتی یونیکۆد

بەداخەوە زۆر کەس پاش گەلێک ساڵ، هێشتاکە لە گرنگیی یونیکۆد تێ نەگەیشتوون و بۆ نووسینی کوردی هێشتاش هەر کەڵک لە تەختەکلیل و فۆنتی نایونیکۆدی وەکوو "فۆنتی عەلی" وەدەگرن.

ئەوە زەبروەشاندنە لە زمانی کوردی و پێشگرتنە لە گەشەی زمانەوانیی کوردی. چونکە بۆ نموونە:

١. ناتوانی نووسینەکانت بکەیتە ناو ماڵپەڕێکەوە کە بۆ خەڵک بخوێنرێتەوە.

٢ .ناتوانی بەوانە لە ئینتەرنێتدا بە دوای وشەیەکدا بگەڕێی.

٣ .ناکرێت نووسینەکانی بکرێنە بنەما بۆ کاری پسپۆڕان و شارەزایان، بۆ نموونە دەقێکی وا هەرگیز ناتوانێت ببێتە بنەمای پرۆژەیەکی مەزنی وەکوو پرۆژەی "وەرگێڕانی گووگڵ Google Translation".

گرووپە ئایتییە کوردییەکان و ئەکادیمیای کوردی و فەرمانگەی ئایتیی کوردستان

ەم سەردەمەدا لە ڕێی ئایتییەوە زمانەکان گۆڕانیان بەسەر دەهێنرێت و دەتوانن گەشە بستێنن یان پەککەوتە بن. بێئاگابوون لەو لقە زانستییە گرنگە زەبرێکە لە زمان، هەر بۆیە بۆ گەشەپێدانی زیاتری زمانی کوردی چەند گرووپی تر لە بواری ئایتیدا چێ بوون کە دوور و نزیک بە شێوەی جۆربەجۆر و لە بوارە جیاوازەکاندا لە چوارچێوەی ئایتی و زمانی کوردی خەریکی ڕاژەی زمانی کوردی بوون:

  • کوردئایتیگرووپ: چێکردنی تەختەکلیلی یونیکۆد و فۆنتی یونیکۆد
  • زانستپەروەرانی کورد: فەرهەنگی ئایتی، بابەتی ئایتی و زمانی کوردی و کار لەسەر تەختەکلیلی کوردی
  • چاوگ: پەرەپێدانی تەختەکلیلی کوردی بۆ سیستەمەکانی تر

بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو گرووپانە چاو لێرە بکە: دیرۆک.

بە نوێنەرایەتیی ئەو گرووپانە، بۆ ئەوەی کارەکان خێراتر جێبەجێ ببن، "تیمی ئایتیی زمانی کوردی" پێک هات. ئەم تیمە لە ڕێکەوتی ٢٠١٣/١١/١٣دا، بۆ تاووتوێکردنی کێشەکانی تەختەکلیلی کوردی لەگەڵ سیستەمە جۆربەجۆرەکان و بەکارهێنانی پیتەکانی ئەلفبێ لە تەختەکلیلی کوردیدا و، هەروەها بۆ چۆنێتیی گشتاندنی تەختەکلیلی کوردی لە کوردستان و جێگیرکردنی لەناو دامودەزگا حوکوومی و ناحوکوومییەکاندا، لەگەڵ فەرمانگەی ئایتیی کوردستان و ئەکادیمیای کوردی لە هەولێردا، کۆبوونەوەیەکی گەورەیان ساز کرد.

لەو کۆبوونەوەیە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی زانکۆ و زمانزانان لە ئەکادیمیای کوردی، تیمی ئایتی کوردی و فەرمانگەی ئایتی کۆ بوونەوە. ٣ کاژێر گفتوگۆی تێروتەسەل کرا لەسەر هەموو ناوەڕۆکی ئەو پەیامەی کە پێشتر نووسرابوو. هەموو ئامادەبووان بە هەنگاوێکی بەپێز و ئەرێنی کۆبوونەوەکەیان وەسف کرد. هەموو بەشدارییان کرد لە قسەکردن و پرسیار کردندا. لەو کۆبوونەوەیەدا پاش تاووتوێکردنی کێشەکان بڕیار لەسەر ئەمانە ئاوا درا:

بڕیاری گشتاندن

١. پیتە کوردییەکان و کۆدی بەرامبەریان لە خشتەی یونیکۆددا دەستنیشان کراون و بەبێ بڕیاری هاوبەش، بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت کۆدی تایبەت بەم پیتانە دەستکاری بکرێت. بۆ زانیاریی زیاتر سەیری هاوپێچی ژمارە ١ بکە.

٢. هەموو نووسینێکی کوردی دەبێ بەتەواوەتی بە تەختەکلیل و فۆنتی یونیکۆد بنووسرێت کە لە سایتەکانی (www.kurditgroup.org) و (www.chawg.org) و سایتی (فەرمانگەی ئایتی)دا بەخۆڕایی دانراون. هەروەها مایکرۆسۆفت و ئەپڵ و ئوبونتوو و شوێنەکانی تریش لە سیستەمە نوێیەکانی خۆیاندا هەر کەڵک لەوانە وەردەگرن، بۆ نموونە لە ویندۆزی ٨ بۆ سەرەوە دانراون. (بڕوانە ئەرکەکانی فەرمانگەی ئایتی لە خوارەوە).

٣. هیچ نووسینێک نابێت بە تەختەکلیل و فۆنتی نایونیکۆدی وەکوو (فۆنتی عەلی، دیلان و هتد) بنووسرێت بەڵکوو دەبێت بە فۆنتی یونیکۆدی وەکوو:

(Arial, Droid Sans, Droid Serif, Tahoma, Times New Roman) بنووسرێن چونکە گشتێنراون و لە هەموو سیستەمێکدا جێگیر کراون.

٤. هەموو دامودەزگاکانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ نووسین تەنها دەبێ کەڵک لەو فۆنتانە وەربگرن کە لەسەر بنەمای "ستانداردی یونیکۆد" چێ کراون و لە هەموو سیستەمە کۆمپیوتەرییەکاندا خۆکار بوونیان هەیە.

٥. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی پشتیوانیی ئەو تەختەکلیلانە دەکات کە لەسەر بنەمای Qwerty داڕێژراون. بۆ زانیاریی زیاتر سەیری هاوپێچی ژمارە ٢ بکە. (بڕوانە تەختەکلیل و یونیکۆدەکان )

٦. لە سیستەمی جیهانیی یونیکۆددا هەر پیتێک یەک کۆدی هەیە، ئێمەش لە تەختەکلیلی کوردی بۆ هەر پیتێک یەک دوگمەمان هەیە و پیتێکی وەکوو (وو)ش بە دوو جار نووسینەوەی (و) دەنووسین و کۆدی نوێی بۆ دانانرێت چونکە مایکرۆسۆفت نایەوێت پیتێک بە دووپاتبوونەوە بکات بە پیتێکی تر، واتە نایەوێت کۆدی پیتێک دوو جار دووپات بکاتەوە، بۆیە بۆ نووسینی، خۆمان دوو جار پیتەکە دەنووسینەوە و چاوەڕێ ناکەین دوگمەیەکی تایبەتی هەبێت.

٧. ئەگەر بمانەوێ دەنگی (H) بە شێوەی (هـ) لە کۆتایی وشەیەکی وەکوو (ما‌هـ)دا بنووسین کەڵک لە (H + شیفت + M) وەردەگرین کە وای لێ دێت: (هـ) و، هەوڵ نادەین لە زمانێکی ترەوە بۆ نموونە لە "ئۆردوو" کۆدی تری بۆ بهێنین و دوگمەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان بکەین و بە یەک دوگمە بینووسین، چونکە لە سیستەمی زمانەکانی کوردی و فارسی و عەرەبی دەچینە دەرەوە و ئەوە لە دواییدا دەبێتە کێشە و لە کاتی گەڕاندا دەکەوینە بازنەی ئەو زمانە نامۆیەوە کە هیچ باش نییە. هەروها ناشمانەوێت ئەوەندە پیتی نوێ بۆ زمانی کوردی دروست بکەین.

٨. دوو جۆر (ک/ ك) لە زمانەکانی فارسی و عەرەبیدا هەن، ئێمە بۆ ئەوەی تووشی دوودەستەیی نەبین و بۆ ئەوەی لە کاتی گەڕان لە ئینتەرنێت و (بنکەدراوە database)ەکاندا کێشەمان بۆ ساز نەبێت، بە تەنیا و تەنیا (ک) بەکار دەبەین و بەتەواوەتی واز لە (ك) دەهێنین. هەروەها هۆکارێکی تر کە (ک)مان لە باتیی (ك) هەڵبژاردووە، ئەوەیە کە ئێمە هەمیشە لە ئەلفبێی کوردیدا خۆمان لە چوکڵەکانی زمانی عەرەبی دوور خستووەتەوە، بۆیە (ک) لە (ك) گونجاوترە.

٩. دەبێت هەوڵ بدرێت ئەو ڕێنووسەی کە ئەکادیمیای کوردی بڵاوی کردووەتەوە بکرێتە بنەمای ڕێنووسەکانمان و لە پرۆگرامسازی و وەرگێڕاندا بۆ نووسینێکی یەکدەست بکرێتە بنەما. ڕێنووسی یەکدەست گرنگە بۆ بەشداربوون لە ڕەوتی گەشەسەندنە جیهانییەکاندا.

١٠. هەوڵ دەدرێت ئەو ڕێنووسە لە دامودەزگا فەرمییەکان و قوتابخانەکانیشدا جێگیر بکرێت و تێ دەکۆشین بۆ پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی تابلۆکانی شارەکان بۆ ئەوەی لە هەڵەی ڕێنووسی و ڕێزمانی پاقژ بکرێنەوە.

١١. گرنگیی ئەم بڕیارە لەوەدایە کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکخستنی تەختەکلیلی کوردی (پیتە ئارامییەکان)، کە کوردئایتیگرووپ لەمێژە کۆدەکانی بەرامبەریانی داناوە.

١٢. دروستکردنی وشەدانێک بۆ زمانی کوردی، شوێن و ئاماری بەکارهێنانی پیتەکان لەسەر تەختەکلیل، بەکارهێنانی بەرزکەرەوە (Shift) و ئامێری وەرگێڕانی خۆکار بۆ زمانی کوردی، چەند باسێکی تری کۆبوونەوەکە بوون کە دەبنە هەنگاوی داهاتوو و گرووپی ئایتی و فەرمانگەی ئایتی و زانکۆکانی کوردستان بە هاودەنگیی ئەکادیمیای کوردی توێژینەوەی لەسەر دەکەن.

تەختەکلیلی کوردی لەسەر سایتی "فەرمانگەی ئایتیی کوردستان"

بە مەبەستی یەکخستنی تەختەکلیلی کوردی و ئامادەکردنی بۆ بەشداریکردنی لە سیستەمە پێوەندییە دەقییە جیهانییەکان و سیستەمە هۆشمەندەکان و هتد، هەروەها بە مەبەستی ڕێکخستنی لە ڕەوتی گەشەسەندنی زمانی کوردی و گونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییە زمانەوانییەکانی زماندا، بڕیارمان دا بەرهەمە تەختەکلیلییەکان لە ناوەندێکی تایبەتیدا کۆ بکەینەوە.

ئەم کارە چالاکییەکانی داهاتووش چڕوپڕتر و یەکدەستتر و نەتەوەیی تر دەکات و دەبێتە شوێنێکی جێمتمانە بۆ بەکاربەرانی تەختەکلیلی کوردی و گشتاندن و گشتگیرکردنی ئەو سیستەمە چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی کوردستاندا.

ڕوونکردنەوەیەکی پێویست

ئەم تەختەکلیلانەی لەم وێبگەیەدا دانراون بۆ داگرتن، هاوکات ئەو نەخشە و شێوازانەش هەمووی شیاوی گۆڕین و پێشخستنن بە گوێرەی نوێکارییەکان و پێویستی زمانی کورد. گەشەکردن و زۆربوونی سیستەمی کارپێکردنی کۆمپیوتەر بەردەوامە، گونجان و گەشەپێدانی ئەم تەختەکلیلەش تەریب لەگەڵیاندا گۆڕین و گونجاندی بەسەردا دێت.

لە زانکۆکانی کوردستان، توێژینەوە لەسەر زمانی کوردی، لەسەر دانان و شوێنی پیت و هێماکان لە تەختەکلیلدا بەردەوامی هەیە، فەرمانگەی ئایتیش بەخۆشحاڵیەوە گوێ لە ئاکامی هەموو شیکردنەوەکان دەگرێت و زانستیانە لەگەڵ خوێندکاران و مامۆستا پسپۆڕەکاندا گفتوگۆ دەکات و بڕیار لەسەر دەستکاری کردن یان چەسپاندنی وەشانی نوێ دەکات.

هەموو (وەشان version)ـێک لەم وێبگەیەدا ئەرشیڤ دەکرێت و تەواوی سیفات و ڕوونکردنەوەکانی پاشەکەوت دەکرێن.

هیوادارین هەموو کەسێکی پسپۆڕ، هەموو کەسێک کە لەم گۆشەیەدا دڵسۆزانە کاری کردووە، کارەکان و بۆچوونەکانی خۆیمان پێشکەش بکات، بە دڵنیایییەوە هەموو داخوازی و لێکۆڵینەوەیەک لەبەرچاو دەگیرێت و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.

یەکێک لە کارەکانی تر بۆ بەردەوامی ئەم پرۆژەیە، تەرخانکردنی تیمێکی چالاکە، لەگەڵیدا پرۆژەی توێژینەوە و چاکسازی تەختەکلیل ساڵانە ئامادە دەکرێت و لە بەشی کۆمپیوتەر لە زانکۆکانی کوردستاندا دەخرێتە بەر باس و توێژینەوە.

پێمان وایە کە پرسی تەختەکلیل و یەکگرتوویی لەو بوارەدا، هەموو بەکارهێنەر و پسپۆڕان دەگرێتەوە، بەکارهێنەر بەوەی کە پێمان ڕادەگەیەنێت شارەزایی و کارکردنی چۆن بووە و چی ماوە بکرێت تا خواستەکانی بەرجەستە بن، پسپۆڕەکانیش تاوتوێی نوێکارییەکان و هەڵسەنگاندنی بە پێڕاگەیاندنەوەکانی بەکارهێنەری کورد، بە بڕیاری گۆڕین و گەشە پێکردنی بەشدارن.

بۆ داهاتوو

فەرمانگەی ئایتیی کوردستان و نوێنەرانی ئەو گرووپە ئایتییە کوردییانە لەسەر ئەوە تەبان کە لە داهاتوودا شان بە شانی یەکتر بەردەوام هاوکاریی چڕوپڕ بکرێت بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی و ئایتی و لەگەڵ گەورەکۆمپانیاکانی بواری ئایتی پێوەندیی بەردەوام ساز بکرێت.

هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری