گشتاندنی تەختەکلیلی کوردی

پێشەکی

لە بنەما سەرەکییەکانی زمانی نەتەوەیەک لە جیهانی تەکنۆلۆجیای زانیاریدا، ئەوەیە کە پیت و هێماکانی ئەو زمانە لە خشتەی ستانداردی زمانەکاندا کۆدی تایبەتی بۆ دابین کرابێت. گرنگترین خشتەی ستاندارد بۆ کۆدەکان و شێوازی پیت و هێماکان لە جیهاندا خشتەی "ستانداردی یونیکۆد The Unicode Standard"ە.

ڕێککەوتن لەسەر ئەو کۆدانەی کە پیتەکانی زمانی کوردی پێناسە دەکەن چیتر بابەتێک نییە بتوانین چاوپۆشیی لێ بکەین یان دوای بخەین. پێناسەکردنی پیت و هێماکانمان ئەرکێکە کە دەبێت خۆمان لە ئەستۆی بگرین و خۆشمان بەکاری بهێنین و لە پێناوی پاراستنی زمانی کوردی و پەرەپێدان و گونجاندنی لەگەڵ تەکنۆلۆجیای سەردەم بەتایبەتی تەکنۆلۆجیای زانیاریدا، بیچەسپێنین.

بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە، کۆمەڵێک گرووپ و شارەزای بواری تەکنۆلۆجیای زانیاری خۆبەخشانە هەوڵێکی بەرچاویان داوە و زۆربەی ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە.

لە ڕێکەوتی ٢٠١٣/١١/١٣ بە هاودەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و نوێنەرانی گرووپەکانی ئایتی لە دەرەوەی وڵات، ئەم بابەتە لە هۆڵی ئەکادیمیای کوردیدا بەتەواوی یەکلایی کرایەوە.

دوای کۆبونەوەیێکی چڕوپڕ، هەموو لایەک لەسەر ستانداردێک بۆ پیت و هێماکانی زمانی کوردی ڕێک کەوتن کە بەرهەمەکەی لە ڕێگای ئەم گشتاندنە دەخرێتە بواری جێبەجێکردن و چەسپاندنەوە.

خاڵەکانی گشتاندنەکە
  • ا) ستانداردی یونیکۆدی پیتی کوردی

پیتە کوردییەکان و کۆدی بەرامبەریان لە خشتەی یونیکۆددا دەستنیشان کراون و بەبێ بڕیاری هاوبەش، بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت کۆدی تایبەت بەم پیتانە دەستکاری بکرێت. بۆ زانیاریی زیاتر سەیری هاوپێچی ژمارە ١ بکە.

  • ب) فۆنت:

١. هەموو دامودەزگاکانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ نووسین تەنها دەبێ کەڵک لەو فۆنتانە وەربگرن کە لەسەر بنەمای "ستانداردی یونیکۆد" چێ کراون و لە هەموو سیستەمە کۆمپیوتەرییەکاندا خۆکار بوونیان هەیە وەکوو: (Arial, Droid Sans, Droid Serif, Tahoma, Times New Roman)

٢. بەکارهێنانی هەر فۆنتێکی تر کە لەسەر بنەمای یونیکۆد نەبێت وەکوو (عەلی فۆنت، دیلان، زانست) ڕێپێنەدراون.

  • ج) تەختەکلیل:

١. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی پشتیوانیی ئەو تەختەکلیلانە دەکات کە لەسەر بنەمای Qwerty داڕێژراون. بۆ زانیاریی زیاتر سەیری هاوپێچی ژمارە ٢ بکە. (بڕوانە تەختەکلیل و یونیکۆدەکان )

٢. هەر نەخشەیەکی تر بەکار بهێنرێت پێویستە پیتەکانی لە خشتەی یونیکۆدی کوردیدا هەبن و دروست بن.

هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری